رەخنە و ئەدەبعەبدولا سلیمان مەشخەل

شانۆنامەی جەنگستان و بە دۆکیومێنتکردنی دۆخە نەخوازراوەکان

نووسینی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)mashkhal

کەنەدا، حوزەیرانی ٢٠١٦

سەرەتا .. جەنگ و واقیع

کە جەنگ لە دەرگای ژیان دەدات، کاتێ سەر بە ماڵاندا دەکات، ڕوخسەت لە کەس وەرناگرێت. بۆ ئەوەی جەنگ بەرپا بێت، دەبێت پێشتر جەنگێکی گشتیگیری تر بکرێت. دەبێ ڕاگەیاندنەکان، تەلەفیزیۆنەکان، ڕۆژنامە و قسەکەرە بێئیش و درۆزنەکان بە خۆیان و توورەکە پڕ لە درۆکانیانەوە دەربکەون و باس لە پێویستی و پیرۆزی جەنگ و قۆناغێکی تر لە ژیان بکەن. دەبێ ڕای گشتی ساز و ئامادە بکەن. بۆ ئەو مەبەستەش خەرجییەکان کەم دەکەنەوە و نەهامەتی و دەرد و برسێتی و قاتوقڕی دەکەنە دیاری دەستیان بۆ ئەو مرۆڤانەی کە عەوداڵی ئاسوودەیی و ئاشتین. سەپاندنی جەنگ و ئەتمۆسفیری جەنگ وەک دیاردەیەکی هەمیشە ئامادە لە سیستەمە چینایەتییەکاندا سێبەری خستۆتە سەر ژیانی ئینسانەکان. ئەمە ئەو واقیعیەتەیە کە دەقی (جەنگستان)ی لەسەر بنیادنراوە . (١)

لە سیاقی خوێندنەوەی ئەم شانۆنامەیەوە (جەنگستان)، خوێنەر خۆی لەبەردەم دەقێکدا دەبینێتەوە کە تێکەڵییەکە لە ئیلتزام و ئەبسورد، ئومێد و ڕەشبینی، خەون و بێمانایی. دەقێک کە باس لە یەکێک لە دیاردە هەرە قێزەوەنەکانی نێو کۆمەڵگەکان دەکات، بەتایبەتیش کاریگەرییەکانی ئەم دیاردەیە لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی ئینسانەکان بەگشتی و بەشداربووانی جەنگ(سەربازەکان) بەتایبەتی. جەنگستان لە بڕگەیەک لە زەمەن دەدوێت کە جەنگ تەواو بووە. یانی کاتە بەراییەکانی پۆست – جەنگ کە مرۆڤەکان هێشتا بۆنی خوێن و مەرگیان لێدێت. ئێمە جەنگ تەنها لە خیلالی گفتوگۆکانی کاراکتەرەکانەوە دەبینین. سامناکیی مەرگ دوای تەواوبوونی جەنگ هێشتا سێبەری بەسەر کارەکتەرەکانەوە دیارە. خوێنەر زیاتر لەڕێگەی (ئازا – یەکێک لە کارەکتەرەکانی جەنگستان) ەوە دەچێتە ناو ڕووداوەکانی جەنگ و کوشتن و بڕین و کۆشتارگاکان. ئازا باری دەروونی دووچاری شێواوی و نالەباری بۆتەوە. ئەم کارەکتەرە کە شانسی مانەوەی هەبووە و نەکوژراوە، بەڵام دۆڕاوێکی گەورەی ژیانە. جەنگ جوانترین و پیرۆزترین شتی لێ دەستێنێ کە ئەویش خۆشەویستەکەیەتی. ئەو دەزانێ جەنگ هاوکێشەکانی ژیانی گۆڕیوە، بەڵام نازانێ جەنگ بۆ ڕوویدا و کێ بڕیاری لەسەر دا. واتا ئەو هۆشیارە سیاسییەی نییە. ئەو نازانێ “جەنگ وەک دیاردەیەکی نەگریس و شووم لە ئەنجامی قەیرانی ئابووری لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەردەکەوێت و بەرپا دەبێت. تەواوی بەریەککەوتنە سیاسییەکان بەرئەنجامی بەریەککەوتنە ئابوورییەکانی کۆمەڵگە چینایەتییەکانە. ئەوە پێداویستییە ئابوورییەکانە لە چەشنی فراوانترکردنەوەی سنووری جوگرافی هێزی کاری هەرزان و بەرهەمهێنانی کاڵا و پەیداکردنی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکان، چوارچێوەی شەڕەکان و مەودای نێوانیان و کورتی و درێژی جەنگەکان دیاری دەکەن. کەوابوو دەتوانین بڵێین جەنگ بریتییە لە بەرئەنجامی قەیرانی ئابووری. ئەوەی لە ژوورەکان و پشت پەردەکانەوە دەگوزەرێن جگە لەم ململانێیە ئابوورییانە هیچیتر نین. سەرکردە سیاسییەکان لە ڕاستیدا سەرکردە و نوێنەری بەرژەوەندی ئابووری چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتین. بەڵام جەنگ میللەتان یان گەلان هەڵی ناگیرسێنن، جەنگ جەنگی حکومەت و دەسەڵاتەکانە لەپێناو فراوانترکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری. جەنگی تەماح و هەڵپەی سوود و کەڵەکەی سەرمایەی بورژواکانە. ئەوانەی لە ژوورە دەست پێڕانەگەیشتووەکان و پشت پەردەکانەوە بڕیارەکان دەردەکەن، ئەوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی ملیۆنان خەڵکی هەژار و دەستەنگ دەدەن. ئەوانن بڕیار دەدەن مەرگ بکەنە دیاری دەستیان بۆ خەڵکی ستەمدیدە”.(٢)  بۆیە دەبینین گرنگترین کارەکتەری دەقی جەنگستان بێئیرادە لەبەردەم چارەنووسیدا وەستاوە بێئەوەی بتوانێ بچووکترین کاریگەری هەبێ لەسەر ئایندەی خۆی. دەقی جەنگستان خۆی جەنگە لە دژی جەنگ. پەیامی ڕەتکردنەوەی جەنگە لەڕێگەی نیشاندانی کارەساتە دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە. وڕێنە و شێتبوون و باوەڕ بەهیچ نەبوون هەر لە ئەنجامی هەلومەرجی جەنگ و کارەساتباری جەنگەوە پەیدا دەبن و گەشە دەکەن. وەستانەوە بەرانبەر ئەم واقیعیەتە تاڵ و ڕەشە لەڕێگەی دەقێکی وەکو ئەم دەقی جەنگستانە جێگای ستایش و دەستخۆشییە بۆ کاک ڕزگار حەمەڕەشید و لەهەمان کاتیشدا مۆتیڤی ڕەخنەش بەهێز دەکات تا بە ناخی دەقەکەدا شۆڕبێتەوە و خوێندنەوەی بۆ بکات.

جەنگ و ئەبسووردیزم

ئەبسوورد و جەنگ لە پەیوەندییەکی پتەودان لەگەڵ یەکتردا. گەرچی ئەبسوورد بەر لە جەنگە جیهانییەکان وەک دەزگایەکی فیکری هاتۆتە ئاراوە، بەڵام جەنگی جیهانی دووەم دۆخێکی گونجاوی هێنایە ئاراوە بۆ گەشەی ئەبسووردیزم. (٣) نووسەری دەقی جەنگستان لە میانی ئەم شانۆنامەیەوە ئاگایانە و بەوپەڕی وشیارییەوە پرۆسەی ئاوێتەبوونی جەنگ و ئەبسووردیزمی ئەنجام داوە. ئەمە ئەگەرچی دەرخستنی ئاستی توانایی نووسەرە، لەهەمان کاتیشدا هێنانە دەرەوەی بەرپرسیارەتییە سەبارەت بەو پرۆسەیە. بە وتەیەکی تر، کاک ڕزگار حەمەڕەشید زیرەکانە خۆی هاویشتۆتە بەردەم ئەو بەرپرسیارەتەی کە خۆی لە پەیامێکی گرنگ بەرجەستە دەکاتەوە،پەیامێک کە گوزارشت لە دیدگا و جیهانبینی ئەو دەکات. پەیامێک کە لە دوو بەشی سەرەکی پێک دێت. بەشێکیان بریتییە لە نەفیکردنەوەی جەنگ، ڕەتکردنەوەی ماڵوێرانییەکانی جەنگ، مردنی ئەڤین و خۆشەویستی و ڕەتکردنەوەی مەرگی ئینسانەکانە. بەشی دووەمیان ڕەتکردنەوەی ماناکانی ژیانە و سەپۆرتی ئەو بێماناییە کە نووسەر پێی وایە دەستگرتن پێوەی جۆرێکە لە زەروورەت. لێرەدا نووسەری دەقی جەنگستان پێیەکانی لەنێو دوو جیهانبینی دان. ئەمەش نەک هەر میتۆدی کارکردنی قوورس دەکات، بەڵکو خوێنەریش دووچاری سەرەگێژە و سەرلێشێواوی دەکات. ئەمەش ئەو ئەرکەیە کە ڕەخنەگری ڕادیکاڵ و مارکسیست دەبێ وریایانە ئیشی لەسەر بکات. “ڕەخنەگری مارکسیستی پێویستە هەوڵی دۆزینەوەی بنچینەی ئاراستەی کۆمەڵایەتی دەقێکی دیاریکراودا بدات. پێویستە لەسەری بزانێت بەرەو کوێ دەڕوات و ئایا ئەم پرۆسەیە  ئارەزوومەندانەیە یان نا. هەروەها ئەرکییەتی هەڵسەنگاندن لەسەر بیرۆکەی ئەو بنچینە کۆمەڵایەتی و ناجێگیرە بکات.(٤) دەقی جەنگستان لەژێر دوو کاریگەریدا لەهاتوچۆ دایە. لەلایەکەوە ڕیالیزم باڵی بەسەر دەقەکەدا کێشاوە و لەم گۆشەنیگایەشەوە جەنگستان وەک بەشێک لە کەلەپووری برێخت دەکرێ تەماشا بکرێ. چونکە برێخت ئایکۆنێکی جیهانی گرنگ و ناسراوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگ. ئەمەشی لەڕێگەی شیعر و شانۆنامەکانییەوە پراکتیزە کردووە. ئەمەش خاڵێکی پرشنگداری دەقەکەیە. لەلایەکی تریشەوە پەنابردن بۆ ئەبسوردیزم و دەستبردن  بۆ ئەو دیدگایە، خزینە ژێر ئەو جیهانبینیەیە کە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی سەنگەری لێگرتووە و بە ئەدەبی بۆرژوازی دەزانی. کەوابوو ئەم دەقە پێیەکی لەناو واقیعیەتی شۆڕشگێرانە دایە و پێیەکەی تریشی لەناو سەنگەری ئەدەبی کۆنەپەرستی دایە. سەرباری هەر توانایی و قودرەتێک کە نووسەر لەم ئاوێتەبوونە بەخەرجی داوە، دەتوانین بڵێین دەقی جەنگستان هەم لە ناڵ دەدا و هەم لە بزمار.

ئینتیباعاتەکانی دۆخە نەخوازراوەکان

دەقی شانۆیی جەنگستان هەر لەسەرەتای نەسکی یەکەمەوە ڕەوتێکی سروشتی خۆی هەیە و نووسەر بە ڕۆشنی هێڵی درامای دەقەکەی دیاریکردووە و جووڵە بە کارەکتەرەکانی دەکات. بەڵام سەرباری پەنابردن بۆ ئەبسوورد، هێشتا کۆمەڵێ ئینتیباعات هەن کە ناکرێ خۆی لێ نەبان بکەین. لێرەدا من بە ئینتیباعەکاندا دەچمە خوارێ.

ئینتیباعی یەکەم :

‘من ئەو کاتە میزم دەکرد. تا ئاوڕم دایەوە کەسی لێ نەمابوو. خۆمم لەم چۆڵەوانییەدا بینییەوە. کوڕی قەحپانە جێیان هێشتبووم. دوا شەمەندەفەر بەلامدا تێپەڕی، ڕامکرد بەدوایدا و هاوارم لێکرد، کەچی هەر نەوەستا بۆم.”(٦)لێرەدا سەرنجمان بۆ چەند خاڵێک دەچێت. یەک : ئەم سەربازانە لە هێڵی پێشەوەی جەنگدان. چونکە شوێن لە دەقەکە “وێستگەی شەمەندەفەرە لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ.” (٧) ئەمەش جۆرێک لە نالۆژیکییە لەڕووی سەبارزییەوە چونکە ئەو ناوچەیە سەر بە هەر لایەنێکی جەنگەکە بێت، ناوچەیەکی تا بڵێی نائارامە و ناکرێ وێستگەی شەمەندەفەر لەو ناوچە نائارامە بوونی هەبێت و شەمەندەفەر تیایدا هاتووچۆ بکات. دووەم : میزکردن لە بەرەکانی جەنگ هێندە قورس نییە تا بەوجۆرە دوور بکەویتەوە و ئاگات لە شوت و دەنگەدەنگی شەمەندەفەر نەبێت و کاتێ ماوەی میزکردنەکەت تەواو دەکەیت کە ناگاتە دوو خوولەک تۆ لە شەمەندەفەر دوا بکەویت کە لانی کەم پێنج تا دە خوولەک دەوەستێت بۆ هەڵگرتنی سەرنشینانی. سێ : جێمانی ئەو سێ سەربازە گەر چی خۆی بەشێکە لە خەیاڵی دەستکردی نووسەر، بەڵام لە بەرەکانی جەنگ سەرباز تەنیا نییە و بگرە گروپن و بە گروپ دێن و دەچن و هەروەها بەرپرسیان هەیە و جۆرە زەبت و ڕەبتێک(دیسیپلینی سەربازی)یان هەیە (کە لەوانەیە لە هێلەکانی پێشەوەی جەنگ و لە کاتی هێرش و تەقەکردن ئەو زەبت و ڕەبتە نەمێنێ) بەڵام لە کاتی تەواوبوونی جەنگدا بوونی هەیە و سەرباز بەو جۆرە جێ نامێنێ.

ئینتیباعی دووەم :

کات : پێشنیوەرۆیە، ژووری خەوتنەکەی گۆنایە. گۆنا هێشتا لەناو جێدایە. بەڵام ئازا خەریکی بەستنی قایشی پانتۆڵەکەیەتی و کراسی لەبەردا نییە.”(٨). “گۆنا بە ڕووتی لە پێخەفەکە دێتە دەرەوە و ڕوو لە ئازا دادەنیشێت.(٩) و هەروەها ” ئازا : تکات لێدەکەم جلەکانت لەبەر بکەرەوە.(١٠) و هەروەها “ئازا : کە دڵنیا دەبێت گۆنا خۆی داپۆشیوە، ئاوڕی بۆ دەداتەوە.(١١). ئەم شەرمە زیاتر لە شەرمی پیاوێکی ڕۆژهەڵاتی دەچێت. پیاوێک زاخاو بە کلتوور و نەریتێکی ئایینی کۆمەڵایەتی دواکەوتوو، (لە کاتیکدا هیچ ئاماژەیەک سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتیبوونی دەقەکە بوونی نییە). ئەگینا ئازای کۆنە عاشقی گۆنا کە پێشتر دەیەها جار کۆڵمە و لێوی گۆنای مژیوە و ئێستاش دوای چەندین ساڵ لە جەنگ گەڕاوەتەوە و بەڕووتی چۆتە ناو پێخەفی گۆناوە، ئەی عەجەب نایەوێ بە ڕووتی گۆنا لەسەر پێخەفەکە ببینیت؟؟ پاساوی ئەمە هەرچییەک بێت بەبۆچوونی من سێ شتە. یەک : یان ئەوەتا لەشی ڕووتی گۆنا هێندە ناشرینە کە ڕووی بینینی نەبێ کە ئەمە وا نییە. چونکە گۆنا گەنجە و زۆر کەس بەتایبەتی خاوەن کارگە و پارەدارەکان تەماحیان تێبڕیبوو. یانیش سێبەری کلتوور و ئایین بەسەر بیرکردنەوەی ئازا قورسایی هەیە کە ئەمەشیان لە هیچ قسە و حیوارێکی ئازا بەدەر ناکەوێت. یانیش تەنها خولقاندنی دیمەنە کە لە سبەینێی نمایشی ئەم دەقەدا لە کوردستان یان ڕۆژهەڵات دەبێ دەستکاری بکرێ و لە ڕۆژئاواش دەبێتە جێی سەرنج.

ئینتیباعی سێیەم :

لە گۆشەی کۆڵانێکدا هاوڕێیەکی کۆنی خۆمم بینی. کاتی خۆی یەکێک بوو لە مرۆڤە یاخییەکان. لەوانەی هەمیشە دەیگوت نەخێێر، هەمیشە بە گەرموگوڕییەوە باسی ئەو گۆڕانە حەتمییەی دەکرد، کە دەبێت هەموو جیهان بگۆڕێت…..بەڵام نەیناسیمەوە. پاش کەمێک لە یەکتر ڕوانین، پێی گوتم هاوڕێ…هههه بە منی گوت هاوڕێ هههه.”(١٢) ئەم تێروانینەی سیای کارەکتەری دەقەکە ڕەنگە ڕێک تێروانینی نووسەر نەبێت. بەڵام دوور نییە هاوڕێیەکی نووسەر بێت یان هەر کەسێک بێت یەک مانا دەبەخشێت ئەویش گاڵتەکردنە بە مارکسیستەکان. ئەو مرۆڤانەی بەردەوام خەبات دەکەن لەپێناو دادپەروەری کۆمەڵایەتی. ئەو مرۆڤانەی تیدەکۆشن لە دژی ستەم و سەرکوتی سیاسیی.. ئەو مرۆڤانەی عاشقی ئازادی و یەکسانین. گاڵتەکردن بە خەباتی چینایەتی گاڵتەکردنە بە میتۆدی مارکس. لێرەشەوە دوو سەرنج بەرەو خۆیمان کێش دەکات. سەرنجی یەکەم : کۆمۆنیستەکان زۆر بە کەمی بەشداری جەنگە مالوێرانکەرەکانی سەرمایەداران و بورژوازی دەکەن. بەگشتی ئەو بەشداریکردنە ڕەت دەکەنەوە. (باشترین بەڵگەش دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە کە کۆمۆنیستەکان بەشداری شەڕی قادسیەی سەدامیان ڕەت کردووە و زۆربەیان لە لادێکاندا فیرار بوون) سیای کارەکتەریش وەک کۆنە مارکسیستێک لەو جۆرە یاخیبوانەیە کە لە ڕابردووی خۆیان و خەباتی خۆیان پەشیمان بوونەتەوە و تەنانەت گاڵتەشیان بەو ڕابردووەی خۆیان دێت. لەمێژووی سیاسیی کوردستان نموونەی لەم بابەتە هەیە بەتایبەتی کادرانی حیزبی شیوعی عێراقی کە چۆن لە مێژووی خۆیان ڕا دەکەن و دەبنە داردەست و کۆیلەی حیزبە بورژوازییەکان. سەرنجی دووەم : تەیفی کۆمۆنیستەکان و مێژووی چەپی نوێ کە بەشێکیان لە کۆمۆنیزمی کرێکاری بێزار و ماندوو بوون و ڕوویان کردۆتە حیزبە بورژوازییە ناسینالیستەکان لەچەشنی گۆڕان. بەڵام گاڵتەکردن بە مێژووی یاخیبوونی کۆمۆنیستی و مارکسیزم بۆی دەبێتە بەشێک لەو پڕۆژە گەورەیەی ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕالی کوردی کە لەسەر دەستی ڕەهەندییەکان دەستی پێکردووە و بوونەتە بەشێک لە حەملەی جیهانی بۆ سەر مارکسیزم و خەباتی چینایەتی کرێکاران لەدژی سەرمایەداران.

ئیتتیباعی چوارەم :

لە کێشەی ئەوینی نێوان ئازا و گۆنا کە جەنگ بووە هۆی کوشتنی ئەوینیان، ژن (گۆنا) زیاتر وەک تاوانبار دەردەکەوێ نەک قوربانی. ” زەبروزەنگی خاوەنکارەکانم قەبووڵ دەکرد، سەیرکردن و هەڵسوکەوتە قێزەوەنەکانیانم دەبینی. بەڵام دەبوایە جگە لەخۆم بیر لە باوکم و خوشکە هەرزەکارەکەیشم بکەمەوە.”(١٣) و هەروەها ” .(١٤) ژن لێرە خەتاکارە بۆیە خەریکی پاساو هێنانەوەیە. ئەی خەتاکانی ئازا چییە؟ ئەی لە ماوەی جەنگ بۆ نامەیەکی بۆ مەعشوقەکەی نەنارد؟ هەواڵێکی نەپرسی؟ ئەم بێدەربەستییە ئەو مافە نادات بە گۆنا وەک ئینسانێک مومارەسەی ژیانی خۆی بکات (بە پەیوەندییە سێکسییەکانییەوە). هێنانەوەی پاساویش لەلایەن گۆناوە هەوڵدانە بۆ ڕەوایەتیدان بەو دۆخەی پێیگەیشتووە. ئەم ڕۆڵ بەخشینە لە شانۆنامەکە تەرازووی هەقی بەلای ئازا(پیاو ) شکاندۆتەوە. لەکاتێکدا هەموو دەزانین ئەوە دۆخی جەنگە گۆنای بەو دەردە بردووە نەک خیانەتکاری و ناپاکیی. من لام ڕوونە جیهانبینی نووسەری دەقی جەنگستان وەک ئینسانێکی پێشکەوتوو زۆر لە وەسفی لەم دێرانە واوەترە، بەڵام ناکرێ لەم نێوەدا پشتی ژن بەربدات (جا بە هەر بیانوویەکەوە بێت!).

سەرجەم ئەم ئینتیباعاتانە لەوێوە سەرچاوە ناگرن کە داوا لە نووسەر بکەین چی بکات و چۆن ڕۆڵ دابەش بکات. بەڵکو ئێمە دەقەکە وەکو هەیە دەخوێنینەوە و لەوێشەوە دەمانەوێ بڵێین کە گاریگەری ئەبسوورد و زاڵبوونی بەسەر واقیعیەتی دەقەکە کارێکی کردووە کە لەڕوانگەی ئێمەوە کرێدتی ڕادیکاڵبوونی دەقەکە دێنیتە خوارەوە.

چەند وشەیەکی تر سەبارەت بە دەقەکە

لە وردبوونەوە لە دەقی شانۆنامەی جەنگستان ئەوەی یەکسەر لەگەڵی بەرەوڕوو دەبینەوە ئەوەیە کە درێژدادڕی تیا نییە، زمان سادە و چر و سفتە. هەست دەکەین وشەی زیادەی تیا بەکار نەهاتووە. دووبارەبوونەوەی هەندێ وشە و ڕستەش لە پێویستی تەکنیکییەوە سەرچاوەیان گرتووە. بۆیە زمان لەگەڵ میزاجی کارەکتەرەکان تەریبە و ئەمەش لەکاتی خوێندنەوەی دەقەکە هەستی پێ دەکرێت. ئەتمۆسفیری دەقەکە خاڵییە لە ڕەنگ و ئەگەر بشێت دەتوانین بڵێین ڕەنگی تەقینەوە و تەقە و بۆردومان و ڕەنگی خوێن و ترس و تەنیایی و دواجاریش وڕێنەکان بریتین لە ڕەنگی تابلۆی جەنگ و دەقەکەش هەر ئەو ڕەنگەی گرتووە. کارەکتەرەکان و ململانێی نێوانیان دەقەکەی لە زیندوێتیدا ڕاگرتووە. کاره‌کته‌رەکانی دەقی جەنگستان” شانبه‌شان له‌گه‌ڵ گرێچنه‌ و شوێنکات و مه‌به‌ست و ستایڵ ڕۆڵێکی شیاو ده‌گێڕن له‌ ده‌ق . کاره‌کته‌ر به‌ هه‌موو جۆره‌کانییه‌وه‌ (کارکرده‌، گۆشه‌نیگا،ناسرا و نه‌ناسراو،وه‌ستا و جوڵه‌،سه‌ره‌کی و ناسه‌ره‌کی…تاد) له‌خزمه‌ت ده‌قدا ده‌توانرێت سوودی لێببینرێت و نووسه‌ری به‌توانا ده‌توانێت له‌ کاتی گونجاودا کۆمه‌ڵێ ئه‌رکیان پێبسپێرێ. (١٥) نووسەریش هەوڵی داوە لەڕێگەی گفتوگۆ و جووڵەی کارەکتەرەکانەوە بەڵانسی دەقەکە ڕابگرێ.

دوا وشە

دواجار لە کۆتاییدا ئێمە لەگەڵ دەقێک دەست و پەنجە نەرم دەکەین کە لە واقیعیەتی ئەمڕۆی ژیانی ئینسان لە دیاردەیەک دەدوێ کە ڕۆژانە هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات. دەقێک واقیعییە و لەهەمان کاتیشدا ئاوێتەیە بە ئەبسوورد. دەقێک لێوڕێژە لە ناساندنی جەنگ و ئاکامە ماڵ وێرانکەرەکانی جەنگ. زمان تێدا تا ئەندازەیەک شیعرییە و سادە و چڕە. لەگەڵ بوونی کۆمەڵێ ئینتیباعات  سەبارەت بە دەقەکە، کەچی زیندوویی دەقەکە لەوەدایە کە دەربارەی دیاردەیەک و کاریگەری دیاردەیەک دەدوێ کە تا سیستەمە چینایەتییەکان بمێنێ، هەڕەشەی ئەو دیاردەیە لەسەر ژیانی ئینسانەکان هەر دەمێنێ و تەواو نابێ.

سەرچاوە و پەراوێزەکان :

(١)- جەنگستان، ڕزگار حەمەڕەشید، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کوردستان سلێمانی ٢٠١٦.

(٢) (٣) – جەنگ و برتۆڵد برێخت دوو ئایکۆنی سارد و گەرم، عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) سایتی دەنگەکان.

(٣)- ئەبسووردیزم لە پەیوەند دایە لەگەڵ بوونگەرایی و عەدەمیەت. سەرەتا لە سەدەی نۆزدەهەم لەسەر دەستی فەیلەسوفی دانیمارکی سورین کیرکجارد  دەرکەوت و پاشان وەک دەزگایەکی فیکری لە بوونگەراییەوە هاتە بوون. جەنگی جیهانیی دووەم هەلومەرجێکی لەباری بۆ لەدایکبوونی ئەبشووردیزم هێنایە ئاراوە. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە

https://en.wikipedia.org/wiki/Absurdism

(٤)- بڕوانە شیعرەکانی برتۆڵد برێخت بە زمانی ئینگلیزی کە لەم سایتەی خوارەوە بڵاو کراونەتەوە. http://www.poemhunter.com/i/ebooks/pdf/bertolt_brecht_2012_3.pdf

هەروەها بڕوانە  قصائد من برتولد برخت ترجمة و تقدیم دکتور عبدالغفار مکاوی دار الکاتب العربي الطباعة والنشر  القاهرة ١٩٦٧

(٥) – .1928,A. V. Lunacharsky Theses on the problems of Marxist Criticism

(٦)- جەنگستان، ڕزگار حەمەڕەشید، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کوردستان سلێمانی ٢٠١٦ لاپەڕە ١٦.

(٧)- جەنگستان، ڕزگار حەمەڕەشید، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کوردستان سلێمانی ٢٠١٦ لاپەڕە ٥.

(٨)(٩) (١٠) (١١)- جەنگستان، ڕزگار حەمەڕەشید  دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کوردستان سلێمانی ٢٠١٦ لاپەڕەکانی ٣١ ٣١ ٣٢ ٣٢.

(١٢)- جەنگستان،  ڕزگار حەمەڕەشید، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کوردستان سلێمانی ٢٠١٦ لاپەڕە ٤٤.

(١٣) (١٤)- جەنگستان، ڕزگار حەمەڕەشید، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کوردستان سلێمانی ٢٠١٦ لاپەڕە ٢٥.      

(١٥)- تراژیدیای جەنگ لە شانۆگەری دڵی سەرباز دەیڤد فرێنچ و بە شانۆکردنی مێژوو  پێشەکی کتێبی شانۆنامەی دڵی سەرباز نووسینی دەیڤد فرێنج وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە عەبدوڵا سڵیمان(مەشخەڵ) لە زنجیرەی شانۆی بیانی دەزگای ئاراس ٢٠١٠ لاپەڕە ١٤.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Check Also
Close
Back to top button