شیعری: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)
دەتانزانی گمەی کۆتر قەدەغەیە
بۆ ویستتان ببن بە کۆتر
کەروێشکە سەمای گوڵەگەنم هێڵی سوورە
بۆچی چوون بوون بە ڕەشەبا
لەکوێ گوڵێک گوێ هەڵبخا بۆ گۆرانی ئێوە دەبن بە باخچەی سەوز
چ هەورێک ڕێگە ون بکا
دەبن بە ڕێی کاکێشانی ئاسمانەکان!
*
زریکەتان لە ژوورە تاریکەکانەوە دەهاتە دەر
ئێمەش لۆکەی بێدەربەستیمان لە گوێ بوو
هاوارەکان تاکە تاکە دەکەوتنە سەر شەقامەکان
ئێمەش دەچووین سێڵڤیمان لەگەڵ دەگرتن
هێشتمان دانە دانەی خونچەی خەونەکانتان وشک بنەوە
بەبێ ئەوەی بە سۆندەی جەربەزەیی ئاویان بدەین
بێدەنگ بووین و بەسەر شەقامە قەرەباڵغەکان
لەژێر لێوەوە دەمانوت ئێوە پاڵەوانەکانی چیرۆکی ئێمەی برسین و
ئێوە وێنەی شیعریی جوانن و
ئێوە دەنگی سروودی پڕ لە جۆشی ئێمەی ترساون
دەترساین و دڵمان لاتان بوو ئازیزان
دەترساین و نەمان دەویست لەنێو نوێنی نەرم و گەرمی بێدەنگبووندا بێینە دەرێ
ئای! چ خۆپەرست بووین و ئێوەمان نەبینی کە چۆن
بەگەورەیی لەنێو میلۆدی گۆرانییەکانی مێژوو و
لەتوێی کتێبە قەدەغەکراوەکانی ژیان، دەژێن
بە بێدەنگی هاتین و بەلاتاندا تێپەڕین
دەمانبینی پێستی لەشمان دەگوورن و هەستمان بەئازار نەدەکرد
هەردوو چاویان دەرهێناین و
هەردوو دەستیان بڕینەوە و
هۆش و بیریان لە قاوغ نا و
هەستمان بە سەرکزیی هەستی خۆمان نەکرد
هەستمان بە ڕشانەوەی ستەم و
بە بێغیرەتی شەقام و
بە ترسنۆکی ئەدەب و
بەچەپەڵی دەسەڵاتی فیشەک و ترس نەدەکرد.
*
تازە ئێوە بوون بە باران ئێمەش پێدەشتێکی تینوو
ئێوە بوون بە دەنگی بەرز و ئێمەش نابیست و نابینا
ئێوە لەنێو دیرۆکی ئەمڕۆی ژیان
بوون بە پەرسف بۆ چەندین پرسیاری تابوو
بوون بە خەمێکی ڕسکاوتر لەنێو دڵی ئەم ژیانە
بوون بە ئازادی کوژراو و
بە مووژدەی گوڵاڵەسوورەی بەهارێکی سەر لە ئاسۆ دەرهێنراودا.
شوباتی ٢٠٢١