تازەترین بابەتسلیمان قاسمیانیکۆمەڵایەتیوتار

چەپڵە لێدان بۆ پووتین و راسیزم و ئانتیسێمیتیزم

rasizm u antisemitizm

چەپڵە ڵیدان بۆ تزار پووتین و راسیسزم و ئانتیسێمیتیزم

نووسینی: سلیمان قاسمیانی

 

رۆژی چوارشەممە ٢٣ی فێبرواری هێزی سوپایی رووسیە، لە چەند لاوە هێرشی کردە سەر وڵاتی ئۆکراین، بۆ مل پێدانانی ئەم ولاتە بە نزیک نەبوونە لە پەیمانی ناتۆ. ئەم شەڕە، شەڕی زلهێزەکانی ئیمپریالیستییە بۆ دابەشکردنەوەی دونیا. رووسیە و زلهێزەکانی رۆژئاوا  بایی پووشێک نە لە فکری خێر و خۆشی خەڵکی ئوکراینن، نە دانیشتوانی وڵاتانی بەرەی خۆیان. شەڕ لە سەر بەرژەوەندی ئیمپریالیستەکان واتە خێر و خۆشی و سوودی سەرمایەدارانی ئەم وڵاتانەیە. لەم کێبڕکێیەدا زۆرینەی خەڵك تەنانەت بەرماویشیان دەست ناکەوێت. ئەوەی بۆ خەڵک دەمێنێتەوە، چ لە ئوکراین، چ لە رووسیە و چ لە ولاتانی رۆژئاوا کە راستەوخۆ تێکەڵاوی ئەم شەڕەن، تەرمی سەربازەکان و خەڵکی مەدەنی، گرانی و دابەزینی پلەی ژیان و گوزەران و سەرشکێن کرانی خەرجی شەڕەکەیە بە سەر جەماوەری خەلك لە هەموو دونیادا. ئەم شەڕە دژ بە بەرژەوەندی خەڵکە لە هەموو دونیادا و دەبێ دەسبەجێ بوەستێنرێ. دژایەتی بێ ئەمما و ئەگەر لە گەڵ ئەم شەڕە و داگیرسێنەرەکانی، تاقە هەڵوێستی رەوا و مرۆڤانە و کڕیکارییە. پووتین مەگەر بە پێوانەی خۆی و بەرژەوەندی ئیمپریالیستی رووسی، دەنا بە هیچ پێوانەیەکی تر تۆزقاڵێک لەم داگیرکارییەی لە ئۆکرایین دا، حەقی بەلاوە نییە. ئەوانەی لەم داگیرکەرییەدا حەق دەدەن بە پووتین بە بیانووی سیاسەتی گەمارۆدەرانەی ناتۆ، لە راستییدا قەبووڵی ئەم کێبڕکێ ئیمپریالیستییە دەکەن. شەڕ دریژەی سیاسەتە و سیاسەتی ئەم دوو بەرە ئیپمریالیستییە داپچراندنی هەرچی زیاترە لە بازارەکان و لە خاکی سەرزەوی بۆ خۆیان. هەربۆیەش بۆ بەرەی مرۆڤایەتی و بۆ چینی کرێکار، ئەم نیزامە بە شەڕ و بێ شەڕ ناڕەوایە و هیچ بەرەیەکیان بەرحەق نییە.

من لەم نووسینەدا دەمەوێ زیاتر قسە بکەم لە سەر لایەنێکی تر ئەم شەڕە ئەویش راسیسزم و ئانتیسێمیتیزمە. یازدە رۆژ بەر لەم شەڕە، “باوەر عبدینی” لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک، دە‌قێکی کورت و سەرسوڕهێنەری بڵاوکردەوە لە بە سەرهەڵداگوتنی دیکتاتۆرە جەنایەتکارەکەی رووسیە، تزار پووتین. من لە ژێرەوە دەقەکە وەک خۆی دەخەمە بەر چاوتان. بەڵام بەرلەوە بە پێویستی دەزانم چەن شتی تر بێنمە بەرچاو.

رۆژی شەممە، ١٢ی فێبرواری لە ئاواییەکی پەنجابی پاکستان، پیاوێک بە تۆمەتی سووتاندنی قورئان لە لایەن جەماعەتێک موسولمان لە زیندانی شار دەهێنرێتە دەرێ و دوای ئەزیەت و ئازاری زۆر لە دار دەدرێ. یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان (واتە یەکێتی مەلاکان) چەن رۆژ زووتر هێرەش دەکەنە سەر ناسررەزازی و دەخوازن کە دەبێ داوای لێبوردن لە موسوڵمانان بکات لە بەر ئەوەی رەخنەی لە ئیسلام گرتووە و گوتوویەتی خەڵک وەشوێن ئیسلام نەکەون. زۆربەی هەرە زۆری ئایینەکان، خۆیان بە تەنیا ئایینی راستەقینە و بەرحەق دەزانن و باقی دینەکان بە ناحەق، لادەر، کافر و پیس ناودەبەن و بە واتایەک خوێنیان حەڵال دەکەن.

مێژوو پڕە لە تاوان و کۆمەڵکوژی خەڵکی جۆراوجۆر، تەنیا بە هۆی جیاوازی ئایین، رەنگی پێست، شوێنی لە دایکبوون، رەگەز، جنسییەت، زمان، پیشە… هەتد… بەلام ئەم کۆمەلکوژییانە تەنیا یەخەی ئایین و دەسەڵاتی کۆنەپەرستانە و دیکتاتۆری کۆن ناگرنەوە. لەو کاتەوە سەرمایەداری هاتۆتە ئاراوە و ناسیۆنالیزمیشی وەکوو یەکێک لە ئاڵاکانی بۆ بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی خۆی خستۆتە مەیدانەوە، گەورەترین کارەسات و کوشتوکوشتاری مرۆڤیی خوڵقاندووە کە لەوە پێش لە مێژوودا بێ وێنە بووە. دوو شەڕی گەورەی جیهانی بوونە هۆی کوژرانی ٧٠ تا ١٠٠ ملیۆن کەس. دوای شەڕی دووەمی جیهانی بە ملیۆنان کەسی تر لە شەڕەکانی دابەشکردنی جیهان بەینی دوو بەرەی ئیمپریالیستی رۆژهەلات و  رۆژئاوا، شەری بەینی دوو ولات یان شەڕەکانی بە نوێنەرایەتی ئەم دوو بەرەیە گیانیان لە دەست داوە، یان ماڵ و حاڵیان تێدا چووە.

ناسیۆنالیسم هەروەکوو ئایین کوێرە لە بەرانبەر هەستی مرۆڤانە و مرۆڤایەتیدا. هەردووکیان، تەنیا چاویان لە خێڵ و تاقم و گرووپی خۆیانە و چاویان بەرایی نادا بە بینینی ئەوەی تر. هەروەک ترامپ هاوار دەکات: “ئەمەریکا بەر لە هەموان”، ناسیۆنالیستەکەی هەر خێڵیکی تریش هەر ئەو هاوارە دەکا: “خێڵی خۆم، بەرەی خۆم لە پێشەوە”. ئەگەر ئەوانیتر تێدادەچن، نە تەنیا بە خەیاڵیشیان دانایە بەڵکوو زۆر جار ئەگەر وەکوو تۆڵە لێسەندنەوەش بێت، لە ئازار و تێداچوونی “بەرەی بێگانە” شاگەشگە دەبن.

کەم نەبوون ناسیۆنالیستی کورد کە لە کاتی ئاگرتێبەربوونەکانی ساڵی ٢٠٢١ لە سروشت و دێهاتەکانی تورکیا، بەوپەڕی بێشەرمییەوە لە خۆشحاڵی کەوتنە هەڵپەڕین و دەیانگوت: “ڵێگەڕێ، با تورکی پیسیش بسووتێن” بە تۆڵەی ئەو کوردانەی کە بە دەستی فاشیستەکانی دەوڵەتی تورک ژیان و ماڵیان نەماوە. ئەم بیری چەوت و نامرۆڤانە و ناسیۆناڵیستییە بە داخەوە لە هەموو دونیادا، لە هەرشوێنێک ناسیۆنالیسم چەقەرەی دابێت، بوونی هەیە و بۆگەنەکەی نەک هەر مێشکی مرۆڤ دەشڵەقێنێ بەڵکوو سەری هەزاران خەڵکیش تێدا دەبات.

ئایین و ناسیونالیسم و جووڵانەوەی بە ناو دژ بە ئیمپریالیزم لە زۆر شوێن لە یەک شتدا بوونە هاوپەیمان و هاوڕا، ئەویش دژایەتی لە گەڵ خەڵکی جوو، یان یەهوودییە. ناسیۆنالیسمی فاشیستی لە ئەورووپا لە شەری جیهانی دووەمدا، دڕندانەترین کارەساتی مرۆڤایەتی بە تایبەتی دژ بە قەرەج و خەڵکی یەهوودی خوڵقاند. دیارە ئەم دوژمنایەتییەی فاشییزم لە گەڵ خەلکی یەهوودی، لە ئاسمانی ساو دا رووی نەدا بەڵکوو بنچینەکانی ئەم بۆچوونە نامرۆڤانەیە لە سەرەتاوە لە لایەن ئایینی مەسیحی و دەسەلاتی کلیسا و دواتریش لە لایەن ئایینی ئیسلام و دەسەلاتی ئیسلامییەوە بونیادنرا و پەرەی پێدرا. فاشیزم و بەرژەوەندی کاپیتالیزم، بەر لە شەڕی جیهانی دووەم دەستی نایە دەستی بیرۆکەی قیزەونی دژایەتی لە گەڵ خەلکی یەهوودی کە لە باری ئایینییەوە زۆر لەمێژبوو فەتواکەی درا بوو و خۆێنیان حەڵال کرابوو.

ئانتیسێمیتیزم (دژایەتی لە گەل خەڵکی یەهوود) و جوولانەوەی دژ بە ئیمپریالیزمی رۆژئاوایی زۆر جار دەکەونە یەک خانەوە. تیۆری پیلان، “توطئە”، کە هەموو شتێک گرێدەداتەوە بە پیلانگێڕانی تاقمێکی تایبەت، هەرچی نەهامەتی و هەژاری و چارەڕەشی لە دونیادا هەیە، دەیخاتە سەر شانی “یەهوودییەکان” و پەیوەندیی کاپیتالیستەکانی “یهوودی” لە گەل ئیمپریالیستەکانی رۆژئاوا. ئیسلامیستەکانی جیهادی و غەیرە جیهادی، ناسیۆنالیستەکان و سوسیال-ناسیۆنالیستەکانی دژە ئیمپریالیستی، لەمبارەوە هاودەنگ و هاوڕان. بۆ ئەمانە، ئیمپریالیزمی رۆژئاوا و “یەهوودییەکان” دوژمنی سەرەکین. هەرچی ئی رۆژهەڵات خۆی بێت، نیعمەتە و باشە، تەنانەت ئیمپریالیزمی رووسی و چینیش دەکەونە خانەی “باشەکان” چون ئەمان لە بەرامبەر دوژمنەکەی ئەواندا، واتە ئیمپریالیزمی رۆژئاوا دا رادەوەستن!

لێدوانی باوەر عبدینی، نموونەیەکە لەم یەکگرتنەوەی ئایین و سوسیال-ناسیۆنالیسم و دژایەتی لە گەڵ ئیمپریالیزمی رۆژئاوایی دا. باوەر عبدینی، یەکشەممە ١٣ی فێبرواری لاپەرەکەی خۆی لە سەر فەیسبووک بە وێنەی تزار پووتین دەڕازێنێتەوە و لە خۆشیدا شاگەشگە بووە بە هەڕەشەکانی ئەم دیکتاتۆرە لە گەلی ئەورووپا. ئەمە دەقی قسەکانی باوەر عبدینی یە:

“لێی گەرێن لە ورچە ئازاکەی هێزو دەسەڵات.

من گەڵێک دڵخۆشم بە وەی کە گەلی ئوروپا ماوەیەکە خەوی ئاسودەیان نییە بە دەست ئەم پیاوە بە هێزەوە.

ئوروپایەکان هەموو کات سەماکەری سەرمایەداری بوون و وەک سەگی بەردەرکای سەرمایەداری خەریکی پاسەوانی لە بەرژەوەندیەکانی ئامریکاو یەهودی کەسیف بوون.

ئەم رۆژانە گەلی ڕوسیای پڕغرورو سەرۆکی ئازایان دانە دانە رێبەرەکانی ئوروپا بانگ دەکات و تا ئاستی پیلاوەکانی دەیانچەمێنێ.

ئوروپایی و کەللە زەردی بێ روح، بە نێوی ئازادی و دێموکراسی و دیفاع لە مرۆڤایەتی سالهایە خەریکی وێران کردن و چەوسانەوەن. ئەمرۆژانە خەریکە خۆری خۆشی و دەسەڵاتیان ئاوا دەبێت!

لە کۆتایی دا دەڵێم خۆزگە کوردیش برێک لە خوینی ئەم ڕوسانەیان لە لەشی دادەبوە. ئوروپایەکان زۆریان حەولدا زنجیر لە پێی ئەوانیش بکەن بەڵام غروریان نەشکاو هەستانەوە!

 

باوەر عبدینی بە ئاشکرا بانگەوازدەدا کە ئێمە رێگا چۆڵ کەین بۆ پووتین و بۆ مەیدانداری و هەڕەشە و گوڕەشەی ئەم ئولیگارکە دەست و دەم خوێناوییە. پێمان دەڵێ، لێیگەڕێین و خوشحاڵ بین بەوەی کە “ورچە ئازاکەی هێز و دەسەلات…خەوی ئاسوودەی لە گەلی ئوروپا” بڕیوە. باوەر لێرەدا کۆپی بۆچوونەکەی عەبدوڵای موهتەدی بەکاردێنێت کە لە کاتی گۆڕبەگۆڕبوونی قاسم سلیمانی دا، ئەو جەنایەتکارەی وەک “فەرماندەیەکی بەهێز و کارامە” ناوبرد. باوەریش پووتین بە لایەوە “ورچی ئازای هێز و دەسەڵاتە” بەڵام  بۆی موهیم نییە، ئەو ورچە ئازایە، بۆ كی ئازایە و “هێزی ئەم پیاوە” چ جەهەننەمێکی بۆ کرێکار و زەحمەتکێش و زۆربەی خەڵکانی رووسیە دروستکردووە. ئەو هەر بەوەندەی کە پووتین خەوی “گەلی ئوروپای” تێکداوە لە پێستی خۆی دا جێگەی نابێتەوە و لە سەر سەری خۆی دادەنێ.

باوەر، پووتین بە سەرۆکی “گەلی پڕ غرووری رووسیە” دەقەبڵێنێ و خۆی بێئاگا دەکا لە سەربڕینی هەر دەنگێکی ناڕازی سیاسی لە ناوچەی دەسەلاتی پووتین، بە بەرینایی خاکی بەرینی رووسیە. بە خەیاڵی دانایە قسەیەکیش بکا لە بێبەشی و ژێردەستەبوونی چینی کرێکاری رووسیە لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپریالیستی ئولیگارکەکان و سەرمایەداریی رووسی. قارەمانەکەی باوەر، قارەمانی سەرمایەداریی هاری رووسیەیە و دیارە کە لە دونیای ئەودا بیری نەتەوە و نەتەوایەتی دەکرێتە تۆقێک بۆ ملی چینی کرێکار و هەژارانی کۆمەلگا. ئەو بە ئاشکرا کڵاو دەنێتە سەر چینی کرێکاری روسیە (و هەموو دونیا) کاتێک  کە تزار پووتینی دووبارە هەستاو و راوەستاو لەبەرامبەر ئیمپریالیسمی رۆژئاوا دا، دەکات بە سەرۆکی ئەوان! وەک ئەوەی کە پووتین خێرخوازی کرێکار و هەژاری رووسیە بێت!

باوەر دوای ئەمە دەگاتە کەشفێکی تازە، ئەویش ئەوەی کە “ئوروپاییەکان هەموو کات سەماکەری سەرمایەداری بوون”. دیارە کە بۆچوونی کۆمەڵناسانەی “باوەر” بە تەواوی دوورە  لە بیری چینایەتی و بە پێچەوانە تەواو بورژوایی و ناسیونالیستییە چون ئەو خەلکی ئەورووپا دەکاتە یەک تاقمی هاوبەش و هاوبەرژەوەندی، هەروەک خەلكی رووسیەشی کرد بە یەک خەلكی هاوبەرژەوەندی. دوای ئەوەش وەکوو بورژواکان لە هەموو دونیادا، خەڵک لە دەوڵەتەکان جیاناکاتەوە و بە یەک شت دایان دەنێت. بەلام ئایا “گەلی ئوروپا” بە ڕاستی هەموو کات سەماکەری سەرمایەداری بوون؟ دیارە سەرمایەدار و وردەبوژوای ئەورووپا، وەکوو سەرمایەدار و وردەبورژوای هەموو دونیا، هەمیشە پشتیوان و پارێزەری سەرمایەداری بوون. ئەوەی “باوەر” نکۆڵی لێدەکا و دەیشارێتەوە، چینایەتی بوونی ئەورووپا  (و رووسیە و هەموو دونیا) و دواییش خەباتی سەدان ساڵەی چینی کرێکارە لە ئەورووپا. بێجگە لەوەش بە ئاشکرا بە زمانێکی رەگەزپەرستانە و دژ بە بێگانە، هێرش دەکاتە سەر خەڵکی ئەورووپی بە گشتی و بە نێوی “کەللە زەردی بێ رووح” سووکایەتی بە سەدان ملیۆن خەڵک دەکا.

جیهادییەکان و فاشیستەکان، بێشەرمانە هێڕش دەکەنە سەر خەڵکی یەهوودی و تەواوی نەهامەتییەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری گرێدەدەنەوە بە “یەهوودی پیس”. باوەر عبدینی ش دەکەوێتە هەمان رێگا و بە هەمان شێوە هێرش دەباتە سەر خەڵکی یەهوودی و بە “یەهوودی پیس” ناویان دەبا. ئەوەی کە جێی داخە ئەوەیە کە ئەم دەربڕینە تەنیا دەربڕینی تاکێک بە نێوی باوەر عبدینی نییە، بەڵکوو زۆر کەسی تر پشتیوانییان کرد لە تەحلیل و بۆچوونەکەی بە گشتی و بە تایبەتیش تەواو بێدەنگ بوون لە سەر  دەستەواژەی “یەهوودی پیس”. لە کۆی ٣٣ کەس خوێنەری دەقەکە کە کامنتیان نەنووسیبوو و تەنیا بە ئیمۆجی هەڵوێستیان راگەیاندبوو، تەنیا دوو کەس ناڕەزاییان پیشان دابوو و ٣١ کەسەکەی تر لایکیان لێدا بوو، واتە هاودەنگییان دەربڕیبوو. لەوانە ٤ کەسیان نەتەنیا لایک، بەلکوو دڵیان پێشکەشی دەربڕینەکە کردبوو. لەوانەی کە کامنتیان نووسیبوو چەن کەس بە ئاشکرا هەڵوێست دەگرن دژ بە بانگەوازەکە و سووکایەتی کردن بە “یەهوودی” و خەلکی ئەورووپی. بەڵام کەم نەبوون ئەوانەی کە هاودەنگ بوون لە گەڵ ناوئاخن و پەیامی بانگەوازەکەی باوەر، واتە: لێگەڕێین با دیکتاتۆرەکەی رووسیە، لە تەپڵی شەڕ بدا و ترس بخاتە دڵی “گەلی ئوروپا و کەللە زەردە بێ رووحەکان” و تۆڵەی ئەو ناحەقییانەی کە لە “ئێمە” کراوە، بستێنێتەوە. هەندێ کەس تەنیا سەرنجێک کە بوویان ئەوە بوو کە ئەگەر “جنێوەکانی” لێ لابات قسەکانی زۆر جوان و بەجێن.

بەڵام ئایا ئەوەی باوەر عبدینی لەم بانگەوازەدا رایدەگەیێنێ “جنێوە” یان تاوان؟ بە لای منیشەوە جنێودان شتێکی جوان نییە، بەڵام جنێوێک کە بە تاکێک دەدرێ، ئەگەر بوختان و تۆمەت نەبێت، وەکوو قسەیەکی ناشیرین و ناحەز مامەڵەی لە گەڵ دەکرێ و ناکەوێتە خانەی تاوان. ئەوەی باوەر دەیڵێ جنێو بە تاک نییە بەلکوو سووکایەتی کردنە بە جەماعەتێکی گەورە کە تەنیا بە هۆی پەیوەست بوونیان بە گەلێک، نەتەوەیەک، گرووپێک، بێ رێز دەکرێن، بە کەم دادەنرێن و خەڵکانی تر بە دژیان هان دەدرێن. ئەم هاندانە دژ بە کۆمەڵێک لە خەڵک، خۆشبەختانە لە زۆرێک لە وڵاتانی دونیا و بە تایبەتی لە وڵاتانی رۆژئاوادا، تاوانە و سزای هەیە. جنێودان بە کەسێک بە خاتری “یەهوودی” بوون جنێوێکی ئاسایی بە یەک کەس نییە بەڵکوو هەلاواردن و سووکایەتی کردنە بە “خەڵکی یەهوودی” و ئەم کارە تاوانە و مێژوویەکی زۆر خوێناوی لە پشتەوە هەیە. ئەوەی کە ئەم راستییە نەبینێ و بە ئاشکرا دژ بەم سووکایەتییە نەوەستێتەوە و خۆی رازی بکا بەوەی کە “جنێو باش نییە”، هاوبەش دەبێ لە دووپاتبوونەوەی کۆمەڵکوژی خەڵک و خەڵکانێک کە رۆژێک دەخرێنە بەرەی دوژمنەوە و خوێنیان حەڵاڵ دەکرێت.

نووسینەکەی باوەر عبدینی پشتیوانی کردنە لە تزاری رووسیە لە شەڕێکی ئیمپریالیستی دا کە لە هەردوو لاوە دژ بە بەرژەوەندی کرێکاران و هەژاران و مرۆڤایەتی بە گشتییە. ئەم بانگەشەیە بە ئاشکرا راسیستی و کۆنەپەرستانەیە. وەک چۆن راسیستەکانی ئەورووپی هێرش دەبەنە سەر پەنابەری بە رەچەڵەک غەیرە ئەورووپی و بە “کەللە رەش” و بێگانە ناوی دەبەن، باوەریش هەر بەو جۆرە هێرش دەکاتە سەر “گەلی ئوروپا” و خۆشحاڵی دەردەبڕێ بۆ ئەو شەڕەی کە قەرارە بەردەرگایان پێ بگرێ. ئەم جۆرە بۆچوونی راسیستی و کۆنەپەرستانەیە دەبێ لە لایەن تەواوی ئەو هیز و مرۆڤانەی کە دڵیان بۆ دونیایەکی ئازاد و یەکسان و شایانی مرۆڤ لێدەدا، بەرپەرچ بدرێتەوە.

وەڵامی راسیسزم و داگیرکاری ئیمپریالیزمی رۆژئاوایی دژ بە مرۆڤایەتی، هەرگیز نابێ راسیسزم بێت یان پشتیوانی لە دوژمنێکی تر. ئەوە دەسەڵاتدارانی رۆژئاوان کە دەبێ بکەونە بەر هێرشی هێزی پێشرەو بۆ چەوساندنەوە و تاڵانی جەماوەری بەرینی کرێکار و زەحمەتکێش لە هەموو دونیا و لە رۆژئاواش دا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Back to top button