شیعری سلیمان قاسمیانی بە دەنگی خۆی
ئامادە کردنی کلیپی دەنگ: ئەسەد مەریوانی
بۆ بیستنی شیعرەکە، کلیکی سەردێڕەکە بکە لە خوارەوە:
ئێوە دەڵێن ئێمە یەکین
بەڵێ باشە
ئەی بۆ ئێوە بەشتان هەر قەسر و تالارە
کەچی هی ئێمە کەلاوە
ئێوە ماڵتان هەموو ساتێک سەما دەکا لە نێو نووردا
ئێمەش ماڵمان تاریک و سڕ
کارەبا لووتی وا بەرزە
ساڵ بە ساڵیش سەری نادا.
بەڵێ باشە ئێمە یەکین
ئەی بۆ مناڵەکانی من
کز و لاواز وەک خۆم بە دوای پاروە نانێک
ڕادەکەن بە شوێن کار و ژەم
تۆش پاڵی ڵێ دەدەیەوە
دەستێک بە گەدەت دادێنی و
بزەیەک بۆ باڵای شەکاوەی سەرمایەت!
ئێمە زگمان دەکەوێتە گەڕ و شایی
هەر بە بینینی سێبەری پەلەوەرێکی بێچارەش
یاخۆ بە ڕەسمی سەر سفرەی ژەمێکی گەلێک ئاسایی ئێوەی بەڕێز!
ئێوە زبڵدانەکانتان دەڕشێنەوە لە قورسایی بەرماوتاندا
ئێمەش زگمان برسیەتی دێت و دەیگوشێ
وەکوو جلکی تازەشۆراو!
ئێوە دەڵێن ئێمە یەکین
بەڵێ باشە!
بەڵام بۆچی ئێمە ئارەقی ماسولکە،
دەمار و پێستی ژانگرتووی نەفەس لێبڕاو هەڵدەڕێژین!
ئێوەش لە ژێر قورسایی سێبەری پارە و سەرمایەی هار، بزۆزتان دا
هەناسەسوار، بە لێزمە ئاڕەق دەڕێژن.
ئێمە لە ژان و ئازاری کاری نامرۆڤانەدا
خەو نازێتە نێو چاوانمان
بەڵام ئێوە
خەمی کزیی پارە و بازار خەوتان دەبڕێ!
بە بارتەقای زێدەباییش
دەڕین بە سەر باڵای مرۆڤایەتیدا و
بە سەر جەستەی ئێمەی نەدار!
ئێوە دەڵێن ئێمە یەکین
بەڵێ باشە
ئەی ئەو دەریای دزراوی دۆڵاری کوردی
کە مۆنج دەخوا لە بانکەکان
لە ناەوە و لە هەندەران
هی ئێوەیە یان هی ئێمە؟
ئەی لە ناو گیرفانەکانی چۆڵی کێ دا
بایەقووش دایم میوانە و
تێهەڵدەکا لە حەیرانی هەژاری و مووچەی نادیار؟!
ئیمە دەڵێین ئێوە یەکن
بۆ بە تالان بردنی سامانی گشتی
بۆ ڕفاندنی بەرهەمی ڕەنج و کاری
ئێمەی زۆرینەی کرێکار
بۆ چەوساندنەوەی بێ پایان
بۆ نایەکسانی کۆمەڵ و لە بۆ پاشایەتی پارە
بۆ دەسەڵاتی سەروەت و چەک و سەرکوت!
بەڵێ بەڵێ ئێوە یەکن
بۆ هەژاری و بۆ دزینی ڕەنجی ئێمە
ئێوە یەکن بۆ ئەوەی ئیمە یەک نەبین
بۆ ئەوەی ئیمە یەکگرتوو
بەزم و بەساتی نایەکسان و دڵرەقتان
لە گۆڕ نەخەین!

بەڕێز فاتح شیخ “چاوە”، بە ناوی “هەریمی شەو”ی بە دەست گەیشتووە. کتێبەکە بە پارەی پۆستەوە بە ٣٠٠ کرونی سویدە. ئەو کەسانەی کە کتێبەکەیان دەوێ، دەبێ لە پێشەوە بە ئیمایل لە گەڵ هانا پەیوەندی بگرن. ئەگەر کتێبەکە مابێ ئیمە پێتان ڕادەگەیێنین. دوای ئەوەی کە پارەکە بەدەستمان گەیشت، دیوانەکە پۆست دەکەین.

