ئای نیشتمان
ئای نیشتمان!
سلیمان قاسمیانی
چۆلەکەکان لە دوێکەوە
لە سوێبانی حەوشەکەمان پشوونادەن
دڵۆپ دڵۆپ ئاو دەگرنە دەنووکیان و بە قوڕگی وشک
ناوەستن تا شاخ و داخەکانی شەنگاڵ
شەرم دەکەن ئاوی دەمیان قوت دەنەوە
لە بەرانبەر هێزی تینووی پیر و مناڵی رەتانراو.
ئای لەو لێوەی
بە دڵۆپێ ئاوی دەنووکی پاساری سەرهەڵگرتوو
رۆژووی نەشكێ!
زەوی پۆلووی ئاگردانە
نیشتمان دوو مناڵی ها بە کۆڵەوە و هەر رادەکا
بە سەر ئاگری جەستەی ماندوو
شەرمین ماتە و ئازاد لە گێژاوی وەنەوز
سنجار ئەسووڕێنێتەوە
لە سەر سەری
بە پشتی نیشتمانەوە.
نیشتمان پەرەوازەیە
لەشکری ئەشکەوتەکانی تاری مێژوو
بە ئاهەنگی لائیلاهە ئیللەڵڵاوە
بەردەبنە سینگی شەنگاڵ و سنجارەوە
مەمکی قەرەقوش دەبڕن و
پرچی مەخموور دەڕننەوە.
نیشتمان بێ ئاهە و تەنیا….
باوکی نیشتمان دڵتەنگە
ئەنگوستی بەلەفیتکەی چەک رامووسێنی
لە ژێر پشتێنی خەمایە.
باری قورسی دڵ هەڵدەگرێ و
لە بەر دەمی مەێگێڕی مەیخانەکانی واشنگتۆن و ئەستەمبووڵا
ئەیداتە ئەرز.
ئاخ نیشتمان
چەندە قورسە دەردی بێ مەی
لە سەنتەر و بازارەکانی هەندەران!
نیشتمان بێدەرەتانە
هەرچی پیاوی دەسەڵاتە
گون دادێڵێ بە سەر شانی
گۆلی عەشقی دەشەمزێنێ!
نیشتمان شەتاڵی خوێنە
مەخموور لە بەر دەم قەرەقوش زەوتدەکەن
لە ژێر ئاڵای ئاجووج و باجووجەکانی موحەممەدی.
دایکی نیشتمان کڵۆڵە
بە بارانی فرمێسکەوە
دەستێکی وەفا دادێنێ
بە سەر سەرجەم ئەسپاردەکانی نێو بانکی
شەڵواری لە خوێن شەتاڵی قەرەقوش دەداتە شان و
هانا دەبا بۆئیمامی دوازدەی غایب
بۆ کوێخای تاران
کەربەلا.
ئای لەو ژانەی
شەڕەفی زامداردەزڕێنێ
لە ژێردەستی دۆستی درۆیینەی نامۆ!
2014-08-18