شیعری سلیمان قاسمیانی بە دەنگی خۆی
ئامادە کردنی کلیپی دەنگ: ئەسەد مەریوانی
بۆ بیستنی شیعرەکە، کلیکی سەردێڕەکە بکە لە خوارەوە:
ئێوە دەڵێن ئێمە یەکین
بەڵێ باشە
ئەی بۆ ئێوە بەشتان هەر قەسر و تالارە
کەچی هی ئێمە کەلاوە
ئێوە ماڵتان هەموو ساتێک سەما دەکا لە نێو نووردا
ئێمەش ماڵمان تاریک و سڕ
کارەبا لووتی وا بەرزە
ساڵ بە ساڵیش سەری نادا.
بەڵێ باشە ئێمە یەکین
ئەی بۆ مناڵەکانی من
کز و لاواز وەک خۆم بە دوای پاروە نانێک
ڕادەکەن بە شوێن کار و ژەم
تۆش پاڵی ڵێ دەدەیەوە
دەستێک بە گەدەت دادێنی و
بزەیەک بۆ باڵای شەکاوەی سەرمایەت!
ئێمە زگمان دەکەوێتە گەڕ و شایی
هەر بە بینینی سێبەری پەلەوەرێکی بێچارەش
یاخۆ بە ڕەسمی سەر سفرەی ژەمێکی گەلێک ئاسایی ئێوەی بەڕێز!
ئێوە زبڵدانەکانتان دەڕشێنەوە لە قورسایی بەرماوتاندا
ئێمەش زگمان برسیەتی دێت و دەیگوشێ
وەکوو جلکی تازەشۆراو!
ئێوە دەڵێن ئێمە یەکین
بەڵێ باشە!
بەڵام بۆچی ئێمە ئارەقی ماسولکە،
دەمار و پێستی ژانگرتووی نەفەس لێبڕاو هەڵدەڕێژین!
ئێوەش لە ژێر قورسایی سێبەری پارە و سەرمایەی هار، بزۆزتان دا
هەناسەسوار، بە لێزمە ئاڕەق دەڕێژن.
ئێمە لە ژان و ئازاری کاری نامرۆڤانەدا
خەو نازێتە نێو چاوانمان
بەڵام ئێوە
خەمی کزیی پارە و بازار خەوتان دەبڕێ!
بە بارتەقای زێدەباییش
دەڕین بە سەر باڵای مرۆڤایەتیدا و
بە سەر جەستەی ئێمەی نەدار!
ئێوە دەڵێن ئێمە یەکین
بەڵێ باشە
ئەی ئەو دەریای دزراوی دۆڵاری کوردی
کە مۆنج دەخوا لە بانکەکان
لە ناەوە و لە هەندەران
هی ئێوەیە یان هی ئێمە؟
ئەی لە ناو گیرفانەکانی چۆڵی کێ دا
بایەقووش دایم میوانە و
تێهەڵدەکا لە حەیرانی هەژاری و مووچەی نادیار؟!
ئیمە دەڵێین ئێوە یەکن
بۆ بە تالان بردنی سامانی گشتی
بۆ ڕفاندنی بەرهەمی ڕەنج و کاری
ئێمەی زۆرینەی کرێکار
بۆ چەوساندنەوەی بێ پایان
بۆ نایەکسانی کۆمەڵ و لە بۆ پاشایەتی پارە
بۆ دەسەڵاتی سەروەت و چەک و سەرکوت!
بەڵێ بەڵێ ئێوە یەکن
بۆ هەژاری و بۆ دزینی ڕەنجی ئێمە
ئێوە یەکن بۆ ئەوەی ئیمە یەک نەبین
بۆ ئەوەی ئیمە یەکگرتوو
بەزم و بەساتی نایەکسان و دڵرەقتان
لە گۆڕ نەخەین!